به‌رپرسی ژووری په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، هۆكاری چڕكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌كانیان له پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌و حزبه له هه‌رێمی كوردستان بڕیار به‌ده‌سته.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ژماره (884)ی رۆژنامه‌ی "هاوڵاتی" كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه بڵاوكراوه‌ته‌وه، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، به‌رپرسی ژووری په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: "به‌پێی ئه‌و ته‌فاهومه‌ی له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدایه زۆربه‌ی زۆری شته چاره‌نووسسازه‌كان له‌ده‌ستی پارتیدایه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بڕیاری لێده‌درێت، هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌كانیش رووبه‌ڕووی پارتیه، چونكه ده‌سه‌ڵاته حه‌قیقییه‌كه لای پارتییه".
به‌رپرسی ژووری په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان روونیده‌كاته‌وه: "مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئه‌و ته‌وه‌توره‌ی له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا هه‌یه، مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه و هێزه چه‌كداره‌كان، هه‌موو ئه‌مانه زیاتر له‌ده‌ستی پارتیدان و ئه‌وان بڕیاری لێده‌ده‌ن، بۆیه ئێمه‌ش بۆچوون و ره‌خنه‌كانمان ئاراسته‌ی ئه‌و لایه‌نه ده‌كه‌ین كه بڕیارده‌دات، بڕیارده‌ره‌كه‌ش پارتیه یه‌كێتی نییه".
له‌باره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نبشتمانیی كوردستانیشه‌وه ده‌ڵێت: "بابه‌ته ئه‌ساسییه‌كانی كوردستان چاره‌نووسسازه، گرنگه‌و دواڕۆژی هه‌رێمی پێوه به‌نده‌و له‌ده‌ستی پارتیدایه، جا ئه‌مه به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژیه‌یه كه من به‌رده‌وام ده‌ڵێم زه‌واجی مه‌سڵه‌حه‌ته نه‌ك رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی، چونكه كه‌س نازانێت له‌سه‌ر چی رێككه‌وتوون".
هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، له‌باره‌ی راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنه‌وه له‌نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی، ئاماژه به‌وه ده‌كات:"هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئێمه‌و یه‌كێتیدا نییه بۆ راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه گوایا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له پێشوودا ستایشی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردبێت، به‌رپرسی ژووری په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: "ستایشی چی بكه‌ین، بۆ ئه‌وان چی‌یان كرد‌ووه تا ستایشیان بكه‌ین، بۆیه هیچمان له‌سه‌ری نییه جگه له ره‌خنه".
راشیده‌گه‌یه‌نێت: "له هه‌رێمی كوردستان شتێك نییه به‌ناوی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه‌وه، زه‌لامێكه هه‌ر خۆیه‌تی به‌ئاره‌زووی خۆی قسه ده‌كات".
Source Xendan
Post a Comment