ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی دوو ساڵه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ژماره‌یه‌ك قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه له سنو‌وری هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی ئاڵوگۆڕ پێبكه‌ن، به‌ڵام بۆیان نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ده‌ڵێت: "ئێمه ئاماده‌ین".
له به‌رامبه‌ریشدا، بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌ئكیدده‌كاته‌وه، دواكه‌وتنی ئاڵوگۆڕكردنه‌كه په‌یوه‌ندی به حزبه‌وه نییه‌و له وه‌زاره‌تی ناوخۆ دواكه‌وتووه.
هه‌رچه‌نده له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی حه‌وتی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاربوو چه‌ند قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌یه‌ك له سنو‌وری هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆك ئاڵ‌وگۆڕیان پێبكرێت، به‌ڵام تائێستا ئه‌و كاره نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و ماوه‌ته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی "رووداو" كه له ژماره (228)ی ئه‌مڕۆیدا بڵاوبووه‌ته‌وه، مه‌حمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت:"ده‌رهاویشته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ به‌شێكیان تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ده‌بێت هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بده‌ین".
راشیده‌گه‌یه‌نێت: "له‌به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌یه‌كه‌وه بگه‌ره تا ده‌گاته پۆسته‌كانی دیكه له سنو‌وری سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌یه، له دهۆكیش یه‌كێتی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پۆستی حكومییان پێنه‌درێت ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام ئێمه ئه‌و بابه‌ته‌مان زه‌ق نه‌كردۆته‌وه، ئه‌وه دووساڵه له‌هه‌وڵی ئاڵوگۆڕكردنی چه‌ند قایمقامێكین له سنو‌وری سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان و دهۆك و هه‌ولێر، به‌ڵام نه‌كراوه هۆكاره‌كه‌شی هه‌ڤاڵانی یه‌كێتین، چونكه ئێمه ئاماده‌ین".
له به‌رامبه‌ریشدا، جه‌لال كه‌ریم، بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، له لێدوانێكیدا بۆ (خه‌ندان) ته‌ئكیدیكرده‌وه، ئه‌و پرسه په‌یوه‌ندی به یه‌كێتی و پارتییه‌وه نییه‌و ناوه‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، وتیشی:"میكانیزمی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه وایكردووه ئاڵوگۆڕكردنه‌كه دوابكه‌وێت، بۆیه ئه‌و پرسه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه نییه".
بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه دواكه‌وتنی ئاڵوگۆڕكردنه‌كه ده‌بوایه له كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا جێبه‌جێ بكرایه، وتیشی:"به‌ڵام نازانم هۆكاری دواكه‌وتنه‌كه‌ی چییه".
Source Xendan
Post a Comment