گۆڤاری لڤین له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ناونیشانی "نامه‌كانی مه‌رگ" بڵاوكرده‌وه كه له‌ماره‌یه‌ك نامه‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان پێكهاتبوو كه مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی هه‌شتاكان و تایبه‌ت بوون به بڕیاردان له‌سه‌ر كوشتنی ژماره‌یه‌ك "نه‌یاری" یه‌كێتی.
مه‌لا به‌ختیار له‌رونكرنه‌وه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست ماڵپه‌ڕی "ئێن ئارتی" كه‌وتووه رایگه‌یاندووه "له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانمدا، وه‌فدی یه‌كێتی له‌كۆنگره‌ی سۆسیالیست ئینته‌رناسیۆنال بووین، گۆڤاری "لڤین" به‌پێی سیاسه‌تی تایبه‌تی گۆڤاره‌كه، چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی له‌مه‌ڕ رووداوه ناله‌باره‌كانی هه‌شتاكانی ناو سلێمانی‌و شه‌هید وریای وه‌ستا وه‌هاب‌و سه‌رگوزه‌شته‌كانی ئه‌و كێشمه‌كێشه‌یه بڵاوكرده‌وه، هاوكات پڕوپاگه‌نده‌یه‌كیش دژی من بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوایه من به‌نهێنی به‌ڵگه‌نامه‌كانم داوه‌ته گۆڤاری ناوبراو".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "من له‌ناو یه‌كێتی‌و شۆڕشی نوێی كوردستاندا، كه‌سێكی به‌رپرسیاربووم‌و هه‌م له ئه‌مانه‌تی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر رووداوه‌كان‌و به‌سه‌رهاته‌كان‌و مێژوو باش تێگه‌یشتووم، به‌تایبه‌تی له كوردستان‌و له‌ناو ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ‌وشۆڕ‌و كێشمه‌كێشانه‌ی ئێستا‌و رابردوودا، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وا به‌ئاسانی بڕیار له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌و راستیه‌كانی مێژوو ناده‌م، ئه‌گه‌ر نه‌زانم بۆ ئه‌م قۆناغه‌و بۆ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌شمان سودێك ده‌گه‌یه‌نێ، نه‌ك زیان".
مه‌لا به‌ختیار نوسیویه‌تی "به‌ڵی... من ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌م لایه، ته‌نانه‌ت له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیشدا پیشانی هیچ هه‌ڤاڵێكم نه‌داوه، چ جای دزه‌یان پێبكه‌م بۆ گۆڤارێك. خۆم وامدانابوو كه له‌یاداشته‌كانمدا، كه ئه‌ویش له‌هه‌لومه‌رجی گونجاوی خۆیدا ده‌ینوسم، ئه‌میش له هه‌لومه‌رجێكدا بشێ‌و بتوانم به‌شی زۆری راستیه‌كان بدركێنم، ئه‌وكاته سود له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ش وه‌ربگرم".
له‌كۆتایی رونكردنه‌وه‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار نوسیویه‌تی "به‌م ر‌وونكردنه‌وه‌یه بۆ رای گشتی رونیده‌كه‌مه‌وه كه به‌هیچ كلۆجێك، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، به‌نده دزه‌م به‌و به‌ڵگه‌نامانه نه‌كردووه، پێشموایه هه‌موو لایه‌ك، له‌سه‌ر كۆی ئه‌م رووداوانه له‌سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئێستا هه‌ڵوێستی من ده‌زانن، نه‌ك دوای (30) ساڵ بمه‌وێ هه‌ڵوێست بگۆڕم، یان هه‌ڵوێست ده‌رببڕم، یان ناڕاسته‌وخۆ دزه به به‌ڵگه‌نامه بكه‌م بۆ مه‌رامی تایبه‌تی، كاری له‌م جۆره هی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه قه‌ت توخنی هه‌ڵوێست له‌كاتی خۆیدا نه‌كه‌وتوون، ئێستاش مێژوو چه‌واشه ده‌كه‌ن!!".
Source NRT
Post a Comment