وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نرخی پشكنینی بیانی له سه‌رجه‌م سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان له 100 دۆلاره‌وه بۆ 40 دۆلار كه‌مده‌كاته‌وه، هاوڵاتیانیش ئاگادارده‌كاته‌وه له‌كاتی وه‌رگرتنی پاره‌ی زیاتر به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاشكرای ده‌كات، به‌شی زۆری نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان تائێستا پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بوون و وه‌ك جاری یه‌كه‌م ئاگادار كراونه‌ته‌وه له دووباره‌كردنه‌وه‌شی سزاده‌درێن.
د.خالس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به(خه‌ندان)ی راگه‌یاند: نرخی بینینی نه‌خۆش له‌لایه‌ن ئه‌و پزیشكه بیانیانه‌ی كه بۆماوه‌ی كاتی دێنه هه‌رێم و بۆماوه‌ی كاتی نه‌خۆش ده‌بینن پێشتر 100 دۆلار بوو، ئێستا كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 40 دۆلار، ئه‌و پزیشكه بیانیانه‌شی به هه‌میشه‌یی ده‌مێننه‌وه وه‌ك پزیشكانی خۆمان بۆ پشكنین 20 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
د.خالس قادر وتی: "بۆ به‌دواداچوونی نرخی نه‌شته‌رگه‌ریش له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان زیاتر له شه‌ش مانگه لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه نوێنه‌ری به‌شێك له نه‌خۆشخانه گشتیه‌كانیش تێیدا به‌شدارن، چاودێری و به‌دواداچوونی كاره‌كانی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان ده‌كات".
جگه له‌مه‌ش به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پشكنین و به‌دواداچوون له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كراوه‌ته‌وه، له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی پارێزگاكانیش به‌شی به‌دواداچوون هه‌یه و سه‌ردانی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن و تائێستا سه‌ردانی به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌خۆشخانانه كراوه بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ندی مه‌رجه‌كان بن و چاودێری كاره‌كانیان بكه‌ن.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 50 نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت هه‌یه و لیژنه‌كه‌ش سه‌ردانی به‌شی زۆری نه‌خۆشخانه‌كانی كردووه، به‌شی زۆری نه‌خۆشخانه‌كانیش سه‌رپێچییان له جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان كردووه و وه‌ك جاری یه‌كه‌م ئاگادار كراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچه‌كه دووباره بكه‌نه‌وه لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و سزا ده‌درێن.
Source Xendan
Post a Comment