له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی رێكخراوی داكۆكی له مافی مرۆڤی كوردستان داوا له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كراوه كه شه‌پۆلی نوێی سه‌پاندنی سزای سێداره به‌سه‌ر چالاكوانانی كورددا به تۆمه‌تی ئه‌منی و هاوكاری كردنی حیزبه كوردییه نه‌یاره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران رابگرن، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و جۆره سزایانه هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و مرۆیی تێدا نییه.
رێكخراوی داكۆكی له مافی مرۆڤی كوردستان رایگه‌یاندووه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه پارته كوردییه‌كانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ند ساڵێكه خه‌باتی چه‌كدارانه‌یان راگرتووه‌و له رێگه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیه‌وه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ده‌ن، بۆیه سه‌پاندنی سزای له سێداره‌دان به سه‌ر ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبانه‌دا به نایاسایی له قه‌ڵه‌مده‌دات.
پاش ئه‌وه‌ی له رۆژانی رابردودا دوو چالاكوانی سیاسیی كورد به ناوه‌كانی "سامان نه‌سیم" و "مه‌نسور ئاروه‌ند" سزای له سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، ئه‌و رێكخراوه نیگه‌رانی خۆی له‌م ره‌وته نوێیه له ده‌ركردنی سزای سێداره بۆ چالاكوانانی كورد ده‌ربڕیوه‌و داوی پێداچوونه‌وه به‌و سزایانه‌دا ده‌كات.
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه شه‌پۆلێكی نوێ له سه‌پاندنی سزای سێداره به‌سه‌ر چالاكوانانی كورددا له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌و "به‌ختیار مێعماری"و "سامان نه‌سیم" و "مه‌نسور ئاروه‌ند" له‌و كه‌سانه‌ن كه به‌ر ئه‌و شه‌پۆله نوێیه كه‌وتوون و به تۆمه‌تی هاوكاری كردنی پارته كوردییه‌كانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ئێران و چالاكی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته سزای له سێداره‌دانیان به سه‌ردا سه‌پێنراوه.
له ئێستاشدا ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی كه له ئێران به تۆمه‌تی ئه‌منی سزای له سێداره‌دانیان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه به سه‌ردا سه‌پێنراوه بۆته 32 كه‌س.
Source NRT
Post a Comment