رۆژنامه‌ی "باس" بڵاویكرده‌وه زیره‌ك عه‌لی به‌یانیان له پێش سه‌عات پێنجه‌وه، له شوێنێكی دیاریكراوی گه‌ڕه‌كی ئازادیی شاری هه‌ولێر، تویۆتا- لانكرۆزه مۆدێل به‌رزه‌كه‌ی (وه‌نه‌وشه- به زمانه بازاڕییه‌كه‌ی) لێ راده‌گرێت و ده‌ست به فرۆشتنی نۆك و لۆبیایه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌و هێشتا ژنی نه‌هێناوه و دایكی ئه‌ركی كوڵانه‌ندنه‌كه‌ی ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
زیره‌ك عه‌لی، ده‌ڵێت، ماوه‌ی 24 ساڵه نۆك و لۆبیا ده‌فرۆشێت، سه‌ره‌تا به پێ گه‌ڕاوه، دواتر به پایسكڵ و ئینجا جۆره‌كانی ئۆتۆمبێل، به‌ڵام سه‌ره‌تا زۆر جار تووشی زه‌ره‌ریش بووه، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بووه.
زیره‌ك كه ته‌مه‌نی 29 ساڵانه، وێڕای نۆك و لۆبیافرۆشتنی به‌یانیان، كاسبیی تریش ده‌كات، به تایبه‌ت كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، هه‌ر جۆره ئۆتۆمبێلێكیشی هه‌بێت، به‌و ئۆتۆمبێله كاسبییه‌كه‌ی ده‌كات، ئێستاش ماوه‌یه‌كه كه ئه‌و لانكرۆزه‌ره‌ی كڕیوه و نرخه‌كه‌ی زیاتر 60 هه‌زار دۆلاره، به‌و ئۆتۆمبێله ئه‌و كاره ده‌كات.
زیره‌ك ده‌ڵێت "من به لادایش نۆك بفرۆشم هه‌مان كڕیارم هه‌یه، خه‌ڵكێكی زۆر له شوێنی دووتره‌وه دێنه ئێره، یان زۆر كه‌س ژماره ته‌له‌فۆنه‌كه‌می لایه، به تایبه‌تی شۆفێرانی هێڵی سلێمانی، ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كه‌ن و دێن نۆك و لۆبیام لێ ده‌كڕن، ئه‌م ئۆتۆمبێله جوانه، به‌ڵام بۆ كاسبییش ده‌ست ده‌دات".
هه‌روه‌ها ده‌لێت "من ناگه‌ڕێم، له سه‌عات 4:30ـی به‌یانییه‌وه دێمه كاسبی و له‌م شوێنه‌ی گه‌ڕه‌كی ئازادی‌دا ئۆتۆمبێله‌كه راده‌گرم، له ماوه‌یه‌كی زوویشدا نۆك و لۆبیایه‌كه‌م ته‌واو ده‌كه‌م (له‌م كاته‌دا كه‌سێك لێی ده‌پرسێت بایی 250 ده‌بێت؟ ئه‌و به روویه‌كی خۆشه‌وه به‌ڵێ به‌ڵێ بۆ نابێت)ـی پێ گوت و له قسه‌كانی بۆ ئێمه به‌رده‌وام بوو "ئه‌وه‌ی كه‌مێك بێزارم ده‌كات و به لامه‌وه ناخۆشه، ئه‌وه‌یه له خه‌وی به‌یانیان ده‌بم، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه هه‌ندێك جار به هه‌ڵه نۆك و لۆبیا ده‌ده‌مه كڕیاره‌كان و جار جار پێم ده‌ڵێن خه‌و به‌ری نه‌داوی".
Source NRT
Post a Comment