ماوه‌یه‌كه هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانی حكومه‌ت بۆ داخستنی ئه‌و چێشتخانه‌و ریستۆرانت و ماركێت و كۆگای ده‌رمان فرۆشی و دوكانانه ده‌ستپێكردووه كه خواردنی به‌سه‌رچوو ده‌فرۆشن و مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كانیان تیادا نیه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا كه زیاتر وه‌ك بابه‌تێكی ئیعلامی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت وه‌ك له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه هه‌بێت ، به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه نیه ئایا ژماره‌ی ئه‌و شوێنانه چه‌نده‌بن كه داخراون و سزا ده‌درێن، به‌ڵكو پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هاوڵاتیان ئه‌وه‌یه چی وایكردووه بازاڕ له‌م دۆخه فه‌وزا و قه‌یراناوی و ناته‌ندروسته‌دا بژی و ژیانی هاولاَتیانی به‌مجۆره كه‌وتبێته به‌ر مه‌ترسی؟.
دۆخی بازاڕی هه‌رێمی كوردستان جگه له‌وه‌ی ساڵانێكه روبه‌رووی قۆرخكاری و ده‌سته‌به‌سه‌راگرتن بووه‌ته‌وه ، هاوكات شه‌پۆلێكی به لێشاوی خواردنی به‌سه‌رچوو و ناته‌ندروست و ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر و گرانفرۆشیه‌كی بێ سنور، به‌رۆكی ئه‌و بازاڕه‌ی گرتووه.
فه‌رامۆشكردنی ته‌ندروستی هاولاَتیان و وه‌لانانی كوالیتی به‌رزی خۆراك و نه‌پاراستنی ئاسایشی سیسته‌می خۆراكی له‌هه‌رێمی كوردستان، نه‌بونی ده‌زگایه‌كی كۆنترۆڵی جۆری به‌هێز، له‌سیماكانی كابینه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه .
په‌رله‌مانتار (عه‌دنان عوسمان)له‌وتارێكدا به‌ناونیشانی ( شكستی حكومه‌ت) ئاماژه به‌وه‌ده‌كات به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تێكی له‌مجۆره نیشانه‌یه‌كه بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ی پێشتر‌و له ئێستاداو له ئاینده‌دا رووده‌ده‌ن و روویانداوه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت: ئه‌مه نمونه‌یه‌كه بۆ به‌ره‌ڵاییه‌كی كه‌م وێنه له چاودێریكردنی بازاڕ‌و سنوره‌كان و نه‌بونی هیچ جۆره كۆنترۆڵێك بۆ ئه‌و شتومه‌ك و دا‌و ده‌رمانانای كه دێنه هه‌رێمه‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداریشه بۆ ئاستی ته‌ندروستی هه‌رێم و لاوازی و خه‌مساردی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌زگاكانی حكومه‌ت.
هاوكات پرسیاری ئه‌وه‌ش ده‌كات ئاخۆ كێ به‌رپرسه له‌وه‌ی كه له‌مانگه‌كان و ساڵه‌كانی رابوردودا روویداوه‌و كێ قه‌ره‌بووی سه‌دان هاولاَتی ده‌كاته‌وه كه ره‌نگه به‌هۆی ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی بازاڕه‌وه توشی كاره‌سات هاتبن؟
هه‌روه‌ها ده‌بێت كێ سزای راسته‌قینه بدرێت؟ ته‌نها بازرگانه چاوچنۆك و خاوه‌ن چێشتخانه‌و كۆگاكان؟ یان هاوكات به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه كه هیچ نرخێكیان بۆ هاوڵاتیان دانه‌ناوه؟.
پرسیاری له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه ئایا تیمه‌كانی پشكنین ده‌توانن سه‌رجه‌م شوێنه‌كان بگه‌ڕێن و سزایان بده‌ن به‌و شوێنانه‌شه‌وه كه حه‌سانه‌ی به‌رپرسانیان هه‌یه؟
به‌بڕوای چاودێرانی ئابووریش به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌ته‌كان و فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی حزبی له‌كاری رۆژانه‌ی ئه‌و لیژنانه ، هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ دانانی سنورێكی سه‌ره‌تایی بۆ فه‌وزای بازاڕ و كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕێكی كه‌می مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاولاَتیان.
به‌پێی هه‌ڵمه‌ته‌كانی رۆژانی رابوردووی لیژنه ته‌ندروستییه‌كان ، ئێستا ئه‌وه‌ی رووده‌دات له‌بازاڕه‌كانی كوردستاندا نه‌ك هه‌ر خراپی دۆخی ته‌ندروستی بازاڕ وه‌ده‌رده‌خات، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كی گرنگیشه بۆ شكستهێنانی حكومه‌ت له بونی پلانێكی ستراتیژی بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌ندروستی بازاڕ‌و دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی خۆراكی له‌سه‌ر ژیانی هاولاَتییه ساده‌كانی.
Source KNN
Post a Comment