كاتێك سه‌یری سیمایان ده‌كه‌یت، ته‌واو باوه‌ڕ به‌و دانپیانانه جوانه ده‌كه‌یت كه هه‌میشه ئه‌وه دووباره ده‌كه‌نه‌وه "زینده‌گی سه‌خته"...
ژیانی ئه‌وان لێوانلێوه له سه‌ختی و ناهه‌مواری، دوور له خێزان و منداڵ و نیشتمان، لێره بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگ له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌دان بۆ ئه‌ودیوی سنور.
له‌سه‌ر سنور، به‌هۆی نه‌بوونی رێستۆرانت و هوتێل، ژیانی ئه‌وانی ئه‌سته‌متر كردووه، بۆیه خۆیان خواردن بۆخۆیان دروست ده‌كه‌ن و شه‌وانه‌ش له‌ناو لۆریه‌كانیان ده‌خه‌ون.
به‌هۆی به‌رته‌سكی و خراپی رێگا، هه‌میشه دووچاری رووداوی دڵته‌زێن ده‌بنه‌وه‌و له‌و شوێنه‌ی لێی ده‌وه‌ستن، كه رێگای گشتی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و عیراقه‌و رێگایه‌كی بازرگانی و گه‌شتیاریه، ئه‌وان بوونه‌ته هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر.
له هه‌رێمی كوردستانه‌وه سووته‌مه‌نی ده‌گوازنه‌وه ئێران و به‌هۆی مانه‌وه‌ی زۆریان له‌سه‌ر سنور، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌میشه له‌مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دابن، بۆیه ده‌لێن: ئه‌گه‌ر بێت‌و به هه‌ر هۆكارێك بێت، ئاگر بكه‌وێته‌وه ئه‌وا سه‌رو ماڵمان تیاده‌چێت.
خۆیان گروپ گروپ رێكده‌كه‌ون و پێكه‌وه خواردن ئاماده ده‌كه‌ن، ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه لێره نه چێشتخانه هه‌یه‌و نه هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كی تر كه كارئاسانییه‌ك بێت بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م ماوه دوورودرێژه‌ی كه لێره ده‌مێننه‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی گه‌رماو، له ده‌وروبه‌رو كانیاوو روبار، ئاو ده‌هێنن و له شوێنی خۆیان سه‌ر ده‌شۆرن.
ئه‌وان هۆكاری مانه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه له‌و دیو سنوری كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژانه ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراو وه‌رده‌گرن.
شوفێره ئێرانیه‌كان كاتێك له هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕۆنه ئه‌و دیو سنوری كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئه‌فغانستان و ئه‌رمینیاو ئازه‌ربایجان ده‌ڕۆن و سوته‌مه‌نی له سنوری پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گوازنه‌وه.
فۆتۆ: پێشه‌وا چۆمانی.
Source Xendan
Post a Comment