یه‌كێتی‌ له‌دهۆك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ده‌كات ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن

3.9.120 comments

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی‌ كوردستان لە دهۆك هەڕەشە ئه‌وه‌ده‌كات ئەگەر پارتی دیموكراتی‌ كوردستان لە بادینان بەردەوامبێ لەسەر بێبەشكردنیان لە پۆست و پلەی حكومی، ئەوا دەبنە ئۆپۆزیسیۆن.

شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی 4ی یەكێتی لە دهۆك بەرۆژنامه‌ی‌  (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە داوای شەراكەت لە پارتی ناكەین بۆ پێدانی پۆستی حكومی بە كادیرانی یەكێتی، بەڵكو ئەوە مافی خۆمانە و پارتی خێرمان پێناكات و داوای خێریش لە پارتی ناكەین".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ كە دەبێ ئەو بابەتە روونبكرێتەوە، ئایا یەكێتی دەتوانێ پۆستی حكومی وەك بەڕێوەبەر و قایمقام لە پارێزگای دهۆك وەربگرێ یان نا.

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ " تائێستا لە بادینان نەمانتوانیوە داوای ئەو مافانە بكەین كە مافی یەكێتین و بە حوكمی رێككەوتنی ستراتیژیش نەمانتوانیوە بەرنامەی خۆمان بۆ خەڵك روونبكەینەوە، بەڵام لەمەودوا ئەو پرۆسەیە بەوشێوەیە نابێ و ناشڕوات". 

 شاڵاو عەلی عەسكەری وتی‌ "دەبێ بۆمان روونببێتەوە یەكێتی لەبادینان مافی هەیە یان نا، ئەگەر نیمانە ئەوا وەك ئۆپۆزیسیۆن كاردەكەین".

لە بەرامبەردا عەبدولوەهاب عەلی، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی رەخنەی ئەوە لە یەكێتی دەگرێت كە لە سلێمانی و گەرمیان رێگە بە كادیر و لایەنگرانی ئەوان نادەن لە فەرمانگەكانی حكومەتدا دەوام بكەن.

راشیگه‌یاندووه‌ "تەنانەت یەكێتی بە بیانووی جۆراوجۆر رێگە بە كادیری پارتی نادات دابمەزرێ نەك پۆستی باڵا وەربگرێ و نزیكەی پێنج هەزار فەرمانبەرمان هەن لە ئیدارەی سلێمانی كە رێگە نادەن دەوامی حكومی بكەن".

پێشتر له‌تیف نێرۆیی، وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌ئێن ئاڕتی‌ راگه‌یاندبوو، به‌پشبه‌ستن به‌راپۆرتێكی‌ لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ سه‌ر به‌مه‌كته‌بی‌ رێكخستنی‌ یه‌كێتی‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ته‌واوی‌ پۆست و پله‌ ئیدارییه‌كانی‌ پارێزگای‌ دهۆك له‌لایه‌ن پارتێكی‌ سیاسییه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌و یه‌كێتی‌ له‌و پارێزگایه‌ خاوه‌نی‌ پۆستی‌ ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ خوێندنگایه‌ك نییه‌.

Source : NRT
Share :

Post a Comment

 
Support : DyNaMind
Copyright © 2012. AmroNews - All Rights Reserved
Template Created by DyNaMind Published by http://www.dynamind.gr