بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌یانی ئه‌مڕۆ رێوڕه‌سمێك به ئاماده‌بوونی وه‌زیری بازرگانی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی ئیمارات له عیراق و باڵیۆزی عیراق له‌و وڵاته‌وه‌و لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگری پارێزگاری هه‌ولێرو جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی فڕۆكه‌وانی ئیمارات بۆ كاروباری بازرگانی به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا شێخ ماجد معه‌للا جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی فڕۆكه‌وانی ئیمارات بۆ كاروباری بازرگانی له وته‌یه‌كیدا رایگه‌یاند: هه‌ولێرو هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی دوبه‌ی به شوێنێكی گه‌وره‌ی بازرگانی له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت، هه‌روه‌ها شوێنێكی سه‌رنجڕاكێشه بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی به تایبه‌تی له رووی بیناسازی و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.
وتیشی: كردنه‌وه‌ی هێڵی ئیمارات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سینان چه‌له‌بی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی له كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانی ئیمارات له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ین و پێموایه كردنه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئاسانكاری نێوان بازرگانان و سوود وه‌رگرتن له توانای یه‌كتر.
هه‌روه‌ها وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌و جوڵه‌ی بازرگانی تیایدا گه‌شه‌یكردووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه وڵاتان به تایبه‌تی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر گرنگی به هه‌رێمه‌كه‌مان بده‌ن كه ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌ه‌ندی هه‌ردوولا ده‌بێت.
هه‌ر له مه‌راسیمه‌كه‌دا هه‌یسه‌م ئه‌لبتاوی به‌ڕێوه‌به‌ری هێڵی فڕۆكه‌وانی ئیمارات له عیراق وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: دوای كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانی ئیمارات له به‌غداو به‌سره، هه‌ولێر ده‌بێته سێیه‌مین شاری عیراق كه سوود له خزمه‌تگوزارییه‌كانمان وه‌رده‌گرن.
وتیشی: ئێمه به‌هاتنانمان بۆ هه‌ولێر وه‌ك شارێكی دێرینی جیهان، ده‌توانین ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه پێشكه‌شبكه‌ین بۆ به‌رده‌وامبوون له بنیاتنانه‌وه‌و كار ده‌كه‌ین بۆ به‌رده‌وامیدان به گه‌شت و گواستنه‌وه له هه‌ولێره‌وه بۆ جیهان و له جیهانیشه‌وه بۆ هه‌ولێر.
هه‌یسه‌م ئه‌لبتاوی روونیشیكرده‌وه كه گه‌شتی ئیماراتی به ژماره EK949 هه‌موو رۆژانێكی (یه‌كشه‌ممه، چوارشه‌ممه، پێنجشه‌ممه) له فڕۆكه‌خانه‌ی دوبه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌عات 4:30 ده‌ستپێده‌كات و سه‌عات 6:30 ده‌گاته فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، گه‌شتی گه‌ڕانه‌وه‌ش به ژماره EK950 سه‌عات 8:00 له هه‌ولێر ده‌رده‌چێت و سه‌عات 11:40 ی هه‌مان رۆژ ده‌گاته دوبه‌ی.
هێڵی ئاسمانی ئیماراتی هێلێكی جیهانییه كه جگه له هه‌رێمی كوردستان 126 نوسینگه‌ی له وڵاتان هه‌یه‌و هه‌روه‌ها 74 لقی هه‌یه.
Source PUKmedia
Post a Comment